- سایت خبری تحلیلی کورد پاریز | KURDPAREZ - https://kurdparez.com -

موزایەدەی سیاسی و وڵامی سه ربازی

دوای ئەوەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە گوتارێکدا لە کۆنگرەی پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان باسی لەوە کرد ئەگەر یەپەگە نەبووایە شەنگال عەیبدارتر دەبوو، سەرلەشکری هێزی پێشمەرگە دەڵێت، ئەمە موزایەدەی سیاسییە و سیاسییەکان کەیفی خۆیانە چۆن قسە دەکەن، بەڵام کەس ناتوانی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە کەم بکاتەوە و خەڵکی کوردستان شایەتە کێ ئەو ناوچانەی ڕزگارکردووە.
کوردپاریز/ فەریق (جەمال ئیمینکی) سەرلەشکری هێزی پێشمەرگە، کە لەسەر پشکی پارتی ئەو پۆستەی وەرگرتووە بە ماڵپەڕی فەرمیی ئەو حزبەی ڕاگەیاندوە: “هێزی پێشمەرگە توانیویەتی لە زوممار تا دەگاتە شەنگال بە سەدان (کم) ئازاد بکات، بۆیە کەس ناتوانی ڕۆڵی پێشمەرگە کەم بکاتەوە و، خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە شایەتن کێ ئەو ناوچانەی ئازاد کردووە.”
سەرلەشکری هێزی پێشمەرگە وتیشی، سیاسییەکان کەیفی خۆیانە چۆن قسە دەکەن، بەڵام ناتوانن ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە کەم بکەنەوە، چونکە قوربانییەکی زۆر بۆ ئازادکردنی ئەو ناوچانە دراوە، بۆیە ئەوەی دەگوترێت موزایەدەی سیاسییە.
ڕوونیشی کردەوە، ئەو ناوچانەی ئازاد کراون هەموو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئازاد کراون و، دیارە پێش ئەوەی شەنگال ئازاد بکرێت دۆخەکە چۆن بوو و ئێستا چۆنە بە تایبەت چیای شەنگال.
ئیمینکی ڕاشیگەیاند: “قوربانیدان لەپێناو ئازادکردنی یەکجارەکیی شەنگال بەردەوامە و، ئەوەی ماوەش لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە ئازاد دەکرێت.