سایز متن   /

له‌ماوه‌ی‌ رابردودا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاند که‌ خاوه‌نی هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ک نییه‌و مانگانه‌ ته‌نها پشتی به‌داهاتی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ به‌ستوه‌ که‌ ده‌یفرۆشێت، ئه‌مه‌ له‌کاتێدایه‌ حکومه‌تی عێراق خاوه‌نی یه‌ده‌گی ۶۰ ملیار دۆلار‌و ۹۰ تۆن ئاڵتونه‌، سه‌رۆکی رێکخراوی گه‌شه‌پێدانی ئابوریش ده‌ڵێت “حکومه‌تی هه‌رێم یه‌ده‌گی پاره‌ی‌ نییه‌، چونکه‌ هه‌مو پاره‌کان که‌وتنه‌ لای حزبه‌کان‌و کۆمپانیاکانیان‌وخاوه‌نی چه‌ندین ملیار دۆلارن، بۆیه‌ بانکه‌کان به‌تاڵ بون”.

هه‌فته‌ی‌ پێشو نه‌جیبه‌ نه‌جیب په‌رله‌مانتاری‌ کورد له‌په‌رله‌مانی عێراق ئاشکرای‌ کرد که‌ حکومه‌تی عێراق خاوه‌نی یه‌ده‌گی ۶۰ ملیار دۆلار‌و ۹۰ تۆن ئاڵتونه‌، بۆیه‌ هه‌رکاتێک حکومه‌ت یه‌ده‌گی دراوی نه‌ما، ئه‌وا ده‌بێت مایه‌پوچبونی خۆی رابگه‌یه‌نێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح  ئه‌ندامی لیژنه‌ی‌ دارایی له‌په‌رله‌مانی کوردستان بۆ ئاوێنه‌ ئاشکرای‌ کرد که‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نه‌ک خاوه‌نی یه‌ک دیناری پاره‌ی‌ یه‌ده‌گ نییه‌، به‌ڵکو ۲۰ ملیار دۆلار قه‌رزداره‌.

هاوکات حسام حه‌کیم به‌رزنجی سه‌رۆکی  رێکخراوی گه‌شه‌پێدانی ئابوری‌ له‌لێدوانێکدا ده‌ڵێت “له‌کاتێکدایه‌ که‌ بواری‌ فرۆشتن‌و یه‌ده‌گی سه‌رچاوه‌ی سروشتی له‌ده‌ست درابێت، ئه‌وکاته‌ ده‌توانین بڵێین مایه‌پوچ بون، به‌ڵام که‌ قه‌رزداری‌ حکومه‌ت گه‌یشتوه‌ته‌ ۲۰ ملیار دۆلار، له‌ولاوه‌ شتێک هه‌یه‌ ده‌توانرێت قه‌ره‌بوی پێبکرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌پلانێکی رێکوپێک مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ بکرێت”.

وتیشی “له‌ئێستای هه‌رێمی کوردستاندا ئه‌گه‌ر پلان‌و سندوقی سیادیی بونی هه‌بێت‌و بتوانرێت به‌شێوه‌یه‌کی شه‌فافانه‌ کار بکرێت، ئه‌وا ده‌توانرێت زۆر شت بکرێت، به‌ڵام به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا نا که‌ هیچ پلانێک نییه‌و نازانین به‌ره‌و کوێ ده‌مانبات، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ یه‌ده‌گی سامانی سروشتیمان هه‌یه‌و ده‌توانرێت ئه‌و یه‌ده‌گه‌ به‌ده‌ست بهێنینه‌وه‌، به‌ڵام له‌کاتێکدا ئه‌گه‌ر پلان‌و نیه‌تی باش هه‌بێت”.

هه‌رچه‌نده‌ حکومه‌تی هه‌رێم خاوه‌نی یه‌ک دیناری‌ یه‌ده‌گ نییه‌ له‌بانکه‌کاندا، به‌ڵام تائێستا مایه‌پوچبونی خۆی رانه‌گه‌یاندوه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆکی  رێکخراوی گه‌شه‌پێدانی ئابوری‌ ده‌ڵێت “ناکرێت حکومه‌تی هه‌رێم ئێستا مایه‌پوچ بون رابگه‌یه‌نێت، چونکه‌ ئه‌گه‌ر هه‌وڵبدات ده‌توانێت به‌و داهاتانه‌ی‌ که‌ هه‌یه‌تی بکه‌وێته‌وه‌ سه‌رپێی خۆی”.

ئه‌و ئابوریناسه‌ وتیشی “مایه‌پوچ بون یاسای تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم فریای خۆی بکه‌وێت‌و به‌رنامه‌و پلانی خۆی بگۆڕێت، ئه‌وا ده‌توانێت وا بکات ژیان نه‌وه‌ستێت‌و موچه‌و خزمه‌تگوزارییه‌کان بخاته‌وه‌گه‌ڕو قه‌رزه‌کانیش بداته‌وه‌”.

سه‌رۆکی رێکخراوی گه‌شه‌پێدانی ئابوری‌باس له‌وه‌شده‌کات که‌ بۆیه‌ حکومه‌تی هه‌رێم یه‌ده‌گی پاره‌ی‌ نییه‌، چونکه‌ هه‌مو پاره‌کان که‌وتنه‌ لای حزبه‌کان‌و کۆمپانیا حزبییه‌کان‌و بانکه‌کان به‌تاڵ بون، ئه‌وه‌تا دبینین حزبه‌کان کۆمپانیای زه‌به‌لاحیان هه‌یه‌و خاوه‌نی چه‌ندین ملیار دۆلارن، وابزانم حکومه‌ت هه‌ر قه‌رزاری‌ ئه‌و کۆمپانیا حزبییانه‌یه‌، ئه‌سڵه‌ن ئه‌و پارانه‌ قه‌رز نییه‌ لای حکومه‌ت، به‌ڵکو پاره‌ی حکومه‌ته‌و که‌وتوه‌ته‌ لای ئه‌وان‌و بوه‌ته‌ قه‌رز،  واتا حکومه‌ت قه‌رزاری‌ کۆمپانیا حزبییه‌کانه‌، که‌ له‌ئه‌ساسدا هه‌ر پاره‌ی‌ حکومه‌ته‌.

هاوکات د. خالد حه‌یده‌ر مامۆستای زانکۆو پسپۆری بواری‌ ئابوری‌ رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌رێمی کوردستان به‌پێی ده‌ستوری‌ عێراق به‌شێکه‌ له‌سیستمی به‌ڕێوه‌به‌ردنی عێراق، واتا هه‌رێم له‌و به‌ڕێوه‌به‌ردنه‌ پشکی هه‌یه‌ که‌ ۱۷%ی بودجه‌یه‌، بۆیه‌ به‌و پێیه‌ هه‌رێمی کوردستان بۆی نییه‌ یه‌ده‌گی هه‌بێت‌و وه‌کو پارێزگاکانی تری عێراق ئه‌ژمار ده‌کرێت.

ئه‌و رونیکرده‌وه‌ “بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێم یه‌ده‌گی هه‌بێت‌و له‌و پشکه‌ی‌ ۱۷% که‌ به‌ریده‌که‌وێت‌و هه‌موی سه‌رف نه‌کات‌و هه‌ر پاره‌یه‌کی لێ بمێنێته‌وه‌، ئه‌وا بۆ ساڵی دواتر حکومه‌تی عێراق ئه‌و پاره‌یه‌ی ماوه‌ته‌وه‌، له‌به‌شه‌که‌ی‌ ده‌بڕێت، ئنجا ئه‌وه‌ی بمێنێته‌وه‌ بۆی ده‌نێرێت”.

هه‌رچه‌نده‌ حکومه‌ت به‌سه‌ربه‌خۆیی فرۆشتنی نه‌وتی ده‌ستپێکرد، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ هیچ یه‌ده‌گێک هه‌ڵبگرێت بۆ کاتی قه‌یران‌و به‌ڕێوه‌بردن‌و هه‌ر ئه‌گه‌رێک که‌ دێته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌ له‌و داهاته‌، توانراوه‌ ته‌نها موچه‌ دابین بکات، مامۆستا خالد وتی “پێموایه‌ ئیتر حکومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت بیر له‌وه‌بکاته‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر پاره‌که‌ زیاتر بو له‌دابینکردنی پێداویستییه‌کان، ئنجا پاره‌یه‌ک وه‌کو یه‌ده‌گ هه‌ڵبگرێت، هه‌رچه‌ند حکومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاندوه‌ که‌ له‌داهاتی نه‌وت ته‌نها به‌شی خۆی ده‌رده‌کات‌و ئه‌ویتر ده‌نێرێته‌وه‌ بۆ به‌غدا”.

ئه‌و مامۆستایه‌ی زانکۆ رونیشیده‌کاته‌وه‌ که‌ هه‌رێم هێشتا نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی ئابوری‌ رابگه‌یه‌نێت، هه‌رچه‌نده‌ سه‌روی ۸۵%ی پێداویستییه‌کانی هه‌رێم له‌ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌کرێت‌و ناتوانێت پشت به‌داهات‌و ئابوری خۆی ببه‌ستێت، ئیتر ئایا چۆن‌و به‌چ شێوازێک ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆیی خۆی وه‌کو وڵاتێک که‌ پشت ببه‌ستێت به‌بنه‌مای ئابوری رابگه‌یه‌نێت.

وتیشی “که‌ی هه‌رێم گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی پێداویستییه‌کانی به‌توانای خۆی دابین بکات، ئه‌وکاته‌ بۆی هه‌یه‌ ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆیی ئابوری خۆی رابگه‌یه‌نێت‌و پشت به‌هاورده‌کردنی ده‌ره‌کی نه‌به‌ستێت”.

حکومه‌ت که‌ دینارێک یه‌ده‌گی نییه‌، ناوی ده‌نرێت چی، د. خالد وتی “حکومه‌تی هه‌رێم ئێستا ناتوانێت موچه‌ دابین بکات‌و ته‌نها کاروباره‌کان به‌ڕێوه‌ده‌بات، به‌ڵام ئێستا هه‌نگاوی ناوه‌و ره‌نگه‌ له‌ماوه‌ی‌ پێنج ساڵی داهاتودا، له‌رێگه‌ی‌ چالاککردنی که‌رتی کشتوکاڵ بتوانێت سه‌ربه‌خۆیی ئابوری‌ رابگه‌یه‌نێت‌و یه‌ده‌گی هه‌بێت”.

ئیحسان مه‌لا فوئاد

 

اشتراک گذاری در فیسبوک اشتراک گذاری در توییتر اشتراک گذاری در گوگل پلاس
برچسب ها:
دیدگاهها

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد

قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی