سایز متن   /

ماوه‌ی چه‌ند مانگێکه‌ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی رۆژئاوای کوردستان هه‌موو ئاماده‌کاریه‌کیان کردوه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌، به‌ڵام کانتۆنه‌کانی رۆژئاوا رێگرن له‌گه‌ڕانه‌وه‌یان‌و ده‌ڵێن دوو هێزی رێگه‌پێدراو نیه‌.

کوردپاریز/ پێشمه‌رگه‌ی‌ رۆژئاوا سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی کوردی سوریا (ئه‌نه‌که‌سه‌)ن، به‌ڵام وه‌کو باڵی‌ سه‌ربازیی پارتی دیموکراتی کوردستانی له‌سوریا ناسراوه‌، ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر له‌ژێر ده‌ستی‌ هێزه‌کانی‌ زێره‌ڤانی‌ مه‌شق‌و راهێنانیان پێکراوه‌، ئاماده‌کراون بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رۆژئاوای‌ کوردستان.

پارتی‌ یه‌کێتی‌ دیموکراتی‌ (په‌یه‌ده‌) رازی نیه‌ به‌ رۆیشتنی‌ ئه‌و هێزه‌ بۆ رۆژئاواو هه‌رسێ کانتۆنه‌که‌ی‌ رۆژئاواش به‌یاسایه‌ک دوو هێزییان قه‌ده‌غه‌ کردوه‌، چونکه‌ پێیانوایه‌ تاکه‌ هێز که‌ ئه‌رکی پاراستنی‌ رۆژئاوای‌ له‌ئه‌ستۆیه‌، یه‌په‌گه‌یه‌.

عه‌بدولکه‌ریم سارۆخان، سه‌رۆکی ده‌سته‌ی پاراستنی کانتۆنی جزیره‌، سه‌باره‌ت به‌بڕیاری رێگریکردن له‌ هێزی‌ تر بۆ رۆژئاوای‌ کوردستان، له‌م باره‌یه‌وه‌ وتی: “ئه‌و بڕیاره‌ له‌لایه‌ن هه‌رسێ کانتۆنه‌کانه‌وه‌ ده‌رکراوه‌ به‌یاسا، هه‌ر هێزێک بیه‌وێت با بچێته‌ ناو یه‌په‌گه‌وه‌، ئه‌گینا رێگه‌پێدراو نیه‌، ئێمه‌ش وه‌کو کانتۆنی جزیره‌ داواکارین که‌ ئه‌و شه‌ڕڤان‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی که‌ ده‌خوازێت به‌رگری بکات له‌رۆژئاوا، با بێته‌ مه‌یدانه‌که‌و به‌رگری بکات”.

ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی کوردی سوریا که‌ له‌پارتی‌ دیموکراتی‌ کوردستانه‌وه‌ نزیکن، سورن له‌سه‌ر رۆیشتنی‌ ئه‌و هێزه‌ بۆ رۆژئاوا.

نوری بریمۆ، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی‌و وته‌بێژی‌ پارتی دیموکراتی‌ کوردستانی‌ سوریا، به‌هاوڵاتی‌ وت “ئه‌مریکا ده‌خوازێت که‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌‌و هه‌وڵیشی داوه‌ بۆ ئه‌وه‌، به‌ڵام په‌یه‌ده‌ رێگه‌ نادات، له‌کاتێکدا هه‌موو هێزی پێشمه‌رگه‌ی رۆژئاوا خه‌ڵکی رۆژئاوان‌و خه‌ڵکی شوێنی تر نین وه‌کو جه‌ماعه‌تی په‌یه‌ده‌”.

وتیشی “هێزه‌که‌ی ئێمه‌ هێزێکی نیزامیه‌‌و باش په‌روه‌رده‌ کراون له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی زێره‌ڤانی حکومه‌تی هه‌رێم‌و هه‌ر سه‌ر به‌زێره‌ڤانیشه‌… ئێمه‌ وه‌کو ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی کوردستانی رۆژئاوا بڕیارمانداوه‌ که‌ بچینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر شتێک روبدات ئه‌وا په‌یه‌ده‌ به‌رپرسیار ده‌بێت”.

هه‌روه‌ها وتی‌ “ئه‌و بڕیاره‌ی یه‌په‌گه‌ بڕیاری سیاسییه‌ نه‌ک عه‌سکه‌ری، ئه‌وان پێویستیان به‌یه‌ک سه‌رباز هه‌یه‌ به‌ڵام به‌رویه‌کی سیاسی رێگرن، رۆژئاوا ده‌بێت بپارێزرێت، چیتر خه‌ڵکی چۆڵی نه‌کات، ئێستا به‌هۆی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌ی په‌یه‌ده‌ که‌سی تیا نه‌ما”.

بریمۆ ده‌ڵێت “ئێمه‌ به‌ده‌ستی هیچ هێزێک ناجوڵێین‌و سه‌ر به‌تورکیاش نین، به‌ڵام ئێمه‌‌و ته‌واوی گه‌لی رۆژئاوا باش ئاگادارین که‌ ئه‌وان (یه‌په‌گه‌) پاره‌و چه‌کیان له‌شام‌و ئه‌نقه‌ره‌ بۆ دێت”.

کێشه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی رۆژئاوا هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بارگرژیه‌ سیاسیانه‌ی له‌نێوان پارته‌کانی رۆژئاوای کورستان هه‌یه‌‌و تائێستا به‌بێ‌ چاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه‌.

ئاڵدار خه‌لیل، ئه‌ندامی کۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ڤگه‌را جڤاکا دیموکراتیک (ته‌ڤده‌م)، له‌م باره‌یه‌وه‌ وتی:“ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئاشتیداین‌و هیچ کات ناخوازین گرژی‌و ئاڵۆزی دروستبێت، به‌ڵام ئه‌وان ده‌خوازن که‌ ره‌وشی رۆژئاوای کوردستان ئاڵۆز بکه‌ن”.

وتیشی “یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌ ته‌واوی رۆژئاوای کوردستان واخه‌ریکه‌ ئازاد ده‌که‌ن، ئه‌ی‌ ئه‌وان له‌کوێ‌ بون تائێستا؟، ئه‌و داستان‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ی یه‌په‌گه‌ به‌ده‌ستیان هێنا که‌س نه‌یکردوه‌”.

هه‌روه‌ها جه‌ختیکرده‌وه‌ “ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دوو هێزیدا نین، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین یه‌ک هێزو سوپا هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وان دڵسۆزن‌و خه‌مخۆری وڵاتن، با بێن هاوکاری یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌ بکه‌ن نه‌وه‌کو سه‌ربه‌خۆ بن‌و هێزێکی جیاوازبن، بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رێگه‌پێدراو نیه‌ دوو هێزی بونی هه‌بێت له‌رۆژئاوای کوردستان”.

هێزی پێشمه‌رگه‌ی رۆژئاوا ژماره‌یان زیاتره‌ له‌ ۷۰۰۰ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی کوڕو کچ، چه‌ک‌و ته‌قه‌مه‌نیان هه‌یه‌و راهێنانی سه‌ربازییان پێکراوه‌ له‌هه‌رێم.

فه‌رمانده‌یه‌کی پێشمه‌رگه‌ی‌ رۆژئاوا ده‌ڵێت ئه‌وان له‌ڕوی په‌روه‌رده‌یی‌و سه‌ربازی‌و هونه‌ریه‌وه‌ ته‌واو ئاماده‌ن، هیچ کێشه‌و گرفتێکیان نیه‌.

دلۆڤان روباری، ئه‌فسه‌ر له‌و هێزه‌، به‌هاوڵاتی‌ وت “ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ ئاماده‌نین شه‌ڕی براکوژی بکه‌ین، به‌ڵکو ئامانجیانه‌ شانبه‌شانی هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ شه‌ڕ بکه‌ین‌و به‌رگری له‌رۆژئاوای کوردستان بکه‌ین”.

رۆژئاوای کوردستان له‌لایه‌ن په‌یه‌ده‌‌و ژماره‌یه‌ک پارتی تره‌وه‌ کراوه‌ته‌ سێ کانتۆنی سه‌ربه‌خۆ‌و به‌ڕێوه‌ده‌برێت، جگه‌ له‌شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌‌و یه‌په‌ژه‌، هێزه‌ ئه‌منیه‌کانی تری وه‌کو ئاسایشی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌.

سه‌رچاوه: هاولاتی

اشتراک گذاری در فیسبوک اشتراک گذاری در توییتر اشتراک گذاری در گوگل پلاس
برچسب ها:
دیدگاهها

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد

قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی