ئەندامێکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند” دەستگیرکردنی کەس و کاری شەهیدان و موختاری گوندی زارگەلی لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، نایاساییە و بە رفاندن هەژمار دەکرێت“.
کوردپاریز/ فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند” پەکەکە و هیچ لایەنێکی دیکە مافی ئەوەیان نییە بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و هاونیشتمانی دەستگیر بکەن بەبێ هیچ رێکارێکی یاسایی”.
فرسەت سۆفی گوتی “پارتی کرێکارانی کوردستان لە بری رێزگرتن لە کەس و کاری قوربانیانی زارگەلی، هەستاوە بە رفاندنیان بۆ شوێنێکی نادیار، خۆ ئەگەر بیانویستبا کارەکە یاسایی بێت، بۆ شوێنی نادیاریان نەدەبردن”.
هاوکات شوان قەڵادزەیی، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان گوتی “دەبێت لیژنەی مافی مرۆڤ لەسەر دەستگیرکردنی کەس وکاری قوربانیانی زارگەلی کۆ ببێتەوە و کاردانەوەی هەبێت، چونکە بەهەر بیانویەک ئەو هاونیشتمانیانە دەستگیر کرابن، رەوا نییە، چونکە ئەوان بوون بە رەمزی مەزڵومیەتی کورد”.
قەڵادزەیی گوتی “ئەو کارەی پەکەکە کردوویەتی کارێکی نابەجێیەو داوا دەکەین دەستبەجێ ئازادیان بکەن، هەر تێبینییەکیشیان هەیە، با بە رێگەی گفتوگۆ بیخەنەڕوو”.
دۆێنێ یەکشەممە ۱۲/۰۷/۱۳۹۴ پارتی کرێکارانی کوردستان (پهکهکه) ههر یهک له ئیسماعیل عەبدوڵڵا، موختاری گوندی زارگهلی و سهلیم خدر و جێگر جهبار کە دوو کەسوکاری شەهیدانی بۆردوومانەکەی تورکیان بۆ سەر گوندی زارگەلی، دەستگیرکرد.
سه رچاوه : رووداو