دوای هەڵکوتانە سەربارەگا حزبییەکان لەلایەن هەندێک لە خۆپیشاندەرانەوە هێرش و پەلامارەکان بارەگای کەناڵەکانی راگەیاندنیشی گرتەوە.
کوردپارێز / پاشنیوەڕۆی دوێنێ ۱۰ تشرینی یەکەمی ۲۰۱۵، لەشاری سلێمانی هێرشکرایە سەر ئۆفیسی سەرەکی کەناڵی رووداو کراو لە ئەنجامدا بەشی دەرەوەی بیناکە زیانی پێگەیەندرا، بەڵام دواتر هێزە ئەمنیەکان گەیشتنە ئۆفیسی کەناڵی رووداو و بارودۆخەکەیان کۆنتڕۆڵکرد.
لەلایەکیترەوە کەناڵی KNNی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، “کەمێک لەمەوبەر هێزێکی ئاسایش سەرجەم کارمەندان و رۆژنامەنوسانی ئۆفیسی هەولێری کەناڵی KNNی لەشاری هەولێر دەستگیرکردووەو تائێستا ئازاد نەکراون.
هەروەها لە هەواڵێکی بە پەلەدا کەناڵی NRT، بڵاوی کردەوە، ئاسایشی هەولێر سەرجەم کارماندەکانی ئۆفیسی کەناڵەکامانی لەو شارە دەستگیرکرد.
دواتر کەناڵەکە ئەوەی بڵاوکردەوە کە هێزەکەی ئاسایشی هەولێر سەرجەم تیمی رۆژنامەوانی کەناڵی NRT لەمدیو سنوری دێگەڵە ئازادکردون بۆئەوەی بەرەو شاری سلێمانی بەڕێ بکەونەوە.
دوای ئەوەی بارەگای پارتی لە ناحیەی سەنگەسەر چۆڵکرا و هێزەکانی ئاسایش تێیدا جێگیرکران، خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئاسایش و دواتر بارەگاکەیان سوتاند.
هاوکات خۆپیشاندەران دەستیان بەسەر بارەگای پارتی لە حاجیاواشدا گرت و کەل و پەلەکانی ناویان ئاگر تێبەردا.
لە ناحیەی حاجیاوای سەر بە رانیە، خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر بارەگای پارتی لەو ناحیە و لە ئێستادا خۆپیشاندان بەردەوامە.
سەرچاوەیەک لە ناو خۆپیشاندانەکەوە بە نەوای راگەیاند: خۆپیشاندەران هێرشیان کردۆتە سەر بارەگای پارتی و پاسەوانانی بارەگاکەش بەرپەرچیان داونەتەوە.
وتیشی: تا ئێستا چەندین کەس بەهۆی بەردەوە برینداربوون و خۆپیشاندانەکەش بەردەوامە.
هێزەکانی ئاسایشی قەڵادزێ هەڵمەتێکیان بەمەبەستی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران دەستپێکردووە.
سەرچاوەیەک لە قەڵادزێ بە نەوای راگەیاند، هێزەکانی ئاسایش لە گەڕەکەکانی ئەو شارە هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەیان دەستپێکردووە کە بەشداربوون لە خۆپیشاندان و ئاڵۆزیەکانی رۆژانی رابردوودا.
هەر بەوتەی ئەو سەرچاوەیە هێزێکی ئەمنی زۆریش لە قەڵادزێ جێگیرکراوە و یەکەی ۱۲۰ ی پشدەریش بە دامودەزگاکاندا بڵاوبوونەوە.
جێی باسە خۆپیشاندانەکانی رۆژانی رابردووی قەڵادزێ توندوتیژی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە ۲ خۆپیشاندەر شەهید بوون و ۱۸ ی تریش برینداربوون، ئێوارەی رۆژی شەممەش دوای دووبارە سوتاندنەوەی بارەگای ناوچەی پارتی لەو شارە تەرمی مێرمنداڵێک بە سوتاوی لەو بینایەدا دۆزرایەوە.
هەڵمەتی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران دوای ئەوەدێت، کە قایمقامی پشدەر بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی لە قەڵادزێ و پێنج ناحیەی دەوروپشتی راگەیاند.
بارەگاکانی پارتی لە چوارقوڕنە و سەنگەسەر چۆڵ کران و لە ئێستادا هێزەکانی ئاسایش دەیپارێزن، هاوکات قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە قەڵادزێ و پێنج ناحیەی سەر بە قەزای پشدەر راگەیەنرا.
شەوی شەممە بارەگاکانی پارتی لە هەردوو ناحیەی چوارقوڕنە و سەنگەسەر لە لایەن بەرپرسانی ئەو بارەگایانەوە چۆڵ کران و رادەستی هێزەکانی ئاسایش کران.
بەوتەی سەرچاوەیەک لە ئێستادا هێزەکانی ئاسایش ئەو بارەگایانە دەپارێزن.
چۆڵ کردنی ئەو بارەگایانە دوای ئەوەدێت، کە لە دوو رۆژی رابردوودا چەند بارەگایەکی تری پارتی لەو دەڤەرە و لە گەرمیان لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێنران و لە کاتی رووبەرووبونەوەی پاسەوانانی بارەگاکە و خۆپیشاندەران چەند کەسێک شەهید بوون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.
لەلایەکی ترەوە بەکر بایز، قایمقامی پشدەر رایگەیاند: بەمەبەستی ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکە لە کاتژمێر ۷ ی ئێوارەوە تا کاتژمێر ۷ ی بەیانی، لە قەڵادزێ و ناحیەکانی ژاراوە، سەنگەسەر، ئیسێوە، هێرۆ و هەڵشۆ هاتوچۆکردن قەدەغە کراوە.
وتیشی: تا ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەکە کار بەو بڕیارە دەکرێت.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی رایدەگەیەنێت بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆوە ۶۴ هاوڵاتی گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن.
د ئومید وتەبێژی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی تایبەت بەئاوێنەی راگەیاند: لەئەنجامی گرژیو ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی شاری سلێمانی شەستو چوار بریندار گەیەنرانە نەخۆشخانەی فێرکاری کە لەو رێژەیە ۱۹ برینداریان لە چالاکی مەدەنیەکان بونو ۴۵ بریندارەکەی دیکەش هاوڵاتی خۆپیشاندەر بون.
لەبارەی جۆری برینەکانیشیانەوە ئاشکرای کرد کە بریندارەکان هەموی برینی سوکنو زیاتر بەبەرد پێکراون.
لەنیوەڕۆی ئەمڕۆوە لەشاری سلێمانی خۆپیشاندان دەستی پێکردو لەچەند ناوچەیەکیش ئاڵۆزیو پێکدادان رویدا.
هێزی پێشمەرگەی ۷۰ و پێشمەرگە دێرینەکانو پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانو کۆمەڵەی رێکخستنە دێرینەکان رایدەگەیەنن، پشتیوانی خەباتی مەدەنیو داخوازی پیشەییو دیموکراسی رەوای مامۆستاو فەرمانبەرو جەماوەرین، راشیدەگەیەنن، ئاژاوەگێڕی، دژی سەروەری یاساو بەدیهێنانی مەدەنیانەی مافی خەڵکە.
لە راگەیەندراوێکی ئەو لایەنانەدا هاتووە، “پشتیوانی خەباتی مەدەنیو داخوازی پیشەییو دیموکراسی رەوای مامۆستاو فەرمانبەرو جەماوەرین”.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان فەرمانی بەسەرجەم کادر و ئەندام و لایەنگرانی حزبەکەی کردووە کە نابێت بەهیچ شێوەیەک هێرش بکەنە سەر بارەگای هیچ حیزب و لایەن و دەزگایەک.
عەلی تەتەر، بەرپرس لقی ۱۰ سۆرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەمیدیاکانی حزبەکەی راگەیاندووە: “لەلایەن سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانمان پێکراوە کە نابێت هیچ کەسێک بەدەر لەیاسا هیچ کردەوەیەک ئەنجام بدات و هێرش بکاتە سەر هیچ شوێنێک و بارەگای هیچ لایەن و دەزگایەک تێک بدات بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە ئێمەی لێی دەسەڵاتدارین و ئەمە فەرمانە و بەفەرمی بۆمان هاتووە”.
وتیشی: “ئێمە لە سنووری لقی ۱۰ لە سۆران بەهیچ شێوەیەک ڕێگانادەین ئەندامانمان هەڵبکوتنە سەر هیچ بارەگایەک و تەنانەت قبوڵ ناکەین خەڵکی دیکەش هێرش بکەنە سەر بارەگا هیچ حیزبێک لە سنوورەکە و لەگەڵ ئەوەین کە هەموو شتێک بە پێی یاسا یەکلایی ببێتەوە”.