- سایت خبری تحلیلی کورد پاریز | KURDPAREZ - https://kurdparez.com -

لاریجانی: نابێ لە هەرێمی کوردستان رێگا بە ئاژاوە بدرێت

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیەنێت، کە نابێ لە هەرێمی کوردستان رێگا بە ئاژاوە و دروستبوونی ناکۆکی بدرێت.

بەپێی رگەیەندراوێکی ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکشەممە ۱۸ـی تشرینی یەکەمی ۲۰۱۵، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەفدێک لەگەڵ عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەتەوە و وێڕای باسکردن و قسەکردن لەسەر دوایین پەرەسەندنەکانی باشووری کوردستان و عێراق، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێرانیشیان تاوتوێکردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی لاریجانی رایگەیاندووە، کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە و ”دەبێت ھەوڵ بدرێت بە گفتوگۆ و دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکرێن“ و هۆشداریشیداوە، کە ” نابێت ڕێگا بدرێت ئاژاوە و ناکۆکی لە ھەرێمی کوردستان دروست ببێت“ و پێویستە کاری لە پێشینەی هەموو حزب و لایەنەکان، ”ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی تیرۆر و کێشە داراییەکان بێت“.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دووپاتیکردووەتەوە، کە وڵاتەکەی وەک ”لە ھەموو کاتەکاندا“ پاڵپشتیی هەرێمی کوردستانی کردووە و ئێران ”لە هاوکارییەکانی بەردەوام دەبێت“ و هیواشی خواستووە، ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ”بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن چارەسەر بکرێن“.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ”هاوکارییەکانی ئێرانی بەرز نرخاندووە“ و جەختی لەوەکردووەتەوە، کە هەرێمی کوردستان ”بایەخێکی زۆر“ بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران دەدات.