- سایت خبری تحلیلی کورد پاریز | KURDPAREZ - https://kurdparez.com -

سەرۆکی هاک پار گیانی لەدەستدا

فەهمی دەمیر سەرۆکی گشتی پارتی ماف و ئازادییەکان (HAK-PAR)، رۆژی یەکشەممە ۲۵-۱۰-۲۰۱۵ لە رووداوێکی هاتوچۆدا، لە ناوچەی بۆزانتی سەر بە پارێزگای ئەدەنە، گیانی لەدەستدا.
هەروەها لە رووداوەکەدا، هاووڵاتییەکی ئوسترالیش گیانی لەدەستداوەو چەند کەسێکیش برینداربوون.
مستەفا ئۆزچەلیک سەرۆکی گشتی پارتی ئازادی کوردستان (PAK)، دەربارەی رووداوەکە گوتی:”من پەیوەندیم بە سەرۆکی لقی ئامەدی پارتی ماف و ئازادییەکان (هاک – پار)ەوە کرد و دەربارەی راستی هەواڵەکە داوای زانیاریم لێکرد، ئەوان هەواڵەکەیان پشتڕاستکردەوە و گوتیان” سەرۆکی هاک – پار، فەهمی دەمیر گیانی لەدەستداوە”.
فەهمی دەمیر، لە ۲-۱-۱۹۵۷ لە شاری قۆنیای تورکیا لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە قۆنیا تەواوکردووە و بە مەبەستی خوێندنی کۆلیژی ئابووری رووی لە ئێسکیشەهیر کردووە.
لە سەرەتای گەنجییەوە دەستیکردووە بە سیاسەت و سەرەتا لە ناو بزووتنەوەی “رێگای ئازادی”ییەوە جێگەی خۆی لەناو بزووتنەوە کوردییەکاندا کردووەتەوە. لە ساڵانی ۹۰-ەکاندا، لەناو پارتە کوردییەکانی باکوردا سیاسەتیکردووە.
یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتی رەنجی خەڵک HEPو دامەزرێنەری پارتی دیموکرات DEPە. دواتر پارتی دیموکراتی و گۆڕانDDPی دامەزراند. تا کاتی داخستنی پارتەکە، سکرتێری گشتی بوو. دوای داخستنی ئەو پارتە، بوو بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی و ئاشتی DBP. هاوکات یاریدەدەری سەرۆکی پارتی ماف و ئازادییەکان بوو.
لە رۆژی ۲۶-۱۰-۲۰۱۴ کاتێک پارتی ماف و ئازادییەکان شەشەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا سازکرد، سیاسەتمەداری کوردی باکووری کوردستان فەهمی دەمیر بە سەرۆکی نوێی ئەو پارتە هەڵبژێردرا.
لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا کە ۲۷۸ ئەندامی کۆنگرە دەنگیاندا فەهمی دەمیر ۱۶۴ دەنگ و بایرام ئۆزەلی نزیکترین رکابەری ۱۱۴ دەنگیان بەدەستهێنان.
دوای ئەوەش کە بایرام ئۆزەل لە خولی دووەمدا لە هەڵبژاردنەکە کشایەوە، فەهمی دەمیر بە سەرۆکی نوێی ئەو پارتە هەڵبژێردرا. پێشتر کەمال بورکای سەرۆکی  پارتی ماف و ئازادییەکان HAK-PAR بوو.

س: رووداو