نوعمان کوڕتوڵموش جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە پەخشی راستەوخۆی کەناڵی A Haber لەبارەی روونکردنەوەکانی دەمیرتاش لەسەر ئەوەی کە خەڵک لە ناوچەکانی شەڕ و پێکدادان داوای خۆبەڕێوەبردن دەکات، کوڕتوڵموش گوتی “ئەگەر دەنگۆکانی خۆبەڕێوەبردن لەلایەن برایە کوردەکانم پشتگیری کرابایە ئەوە ئەمڕۆ رەنگە سیاسەتیان لەسەر ھەڵکەندنی خەندەق نەدەکرد. رەنگە تورکیا بۆ لاپەڕەیەکی دیکە تێپەڕ بوایە”.
کوردپارێز/ جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوەش دا کە ھەڵکەندنی خەندەق بە مەبەستی پشتگیریکردن بۆ خۆبەڕێوەبردن نەکراوە و گوتیشی “بەھۆی ئەوەی پشتگیری لە خۆبەڕێوەبردن نەکرا و پشتگیری خەڵکی لە دواوە نەبووە سەردانی ئەو رێگەیان کردووە کە سیاسەتێکی شێتانەیە. ئێستە دەبینن کە لەو سیاسەتەش سەرکەوتوو نەبوون”.
کوڕتوڵموش لەبارەی روونکردنەوەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە، لەمەڕ خۆبەڕێوەبردن گوتی من جارێکی دیکە بە بەڕێز دەمیرتاش دەڵێم کە واز لەم شێوازەی سیاسەتکردنە بھێنن. ھەدەپە لە خاڵێکی سەرکەوتوودایە و بەربەستی ھەڵبژاردنی تێپەڕاند. بە سیاسەتەکانی بەربەستی ھەڵبژاردنی تێپەڕاند و گەیشتە پەرلەمان نەک بە سیاسەتی ھەڵکەندنی خەندەق پێویستە زمانی ئاشتەوایی بەکار بھێنرێت. دەنگدەرانی ھەدەپە بۆ ئەوە دەنگیان نەداوە کە پشتگیری لە خەندەق، بۆمب و چەک بکەن. بۆ ئەوە دەنگیان داوە تاوەکو ئاشتی بەرقەرار بێت، چەکەکان بێ دەنگ بکرێت، بۆمبەکان نەتەقێتەوە، زمانی ئاشتی بەکار بھێنرێ و ببێتە پارتێکی تورکیا.
م: Basnews