چاودێران و سیاسه‌تمه‌دارانی کورد، ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن، په‌که‌که له کوردستانی تورکیا شه‌ڕێکی دروست کردووه و پرۆسه‌ی ئاشتی تێکداوه و ده‌یه‌وێت کێشه بۆ هه‌رێمی کوردستان و به‌شه‌کانی دیکه دروست بکات. هه‌روه‌ها ڕوونیشی ده‌که‌نه‌وه، هه‌ندێک شت هێلی سوورن، نابێت لایه‌نه سیاسییه‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان ده‌ستی بۆ ببه‌ن.
کوردپارێز/ عوسمان ئۆجه‌لان، سه رکرده ی پێشوی په که که، له مباره یه وه وتی: ئه‌و شه‌ڕه‌ی په‌که‌که ده‌یکات، جێگه‌ی گومانه، چونکه وه‌ک ئێمه ده‌زانین له کوردستانی تورکیا، له هه‌ندێک شار وه‌ک دیاربه‌کر، هه‌کاری و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی دیکه، که ئه‌وانه ناوه‌ندی بزاوی نه‌ته‌وه‌یینه، ئه‌مڕۆ شه‌ڕ له‌و شارانه به‌رده‌وامه، ئێستا زۆر شوێن هه‌ن که دانیشتووانی هه‌موو کوردن، ئه‌و ناوچانه خراپتر بوونه و خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه شوێنه‌کانی خۆیان به‌جێهێشتووه، که له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ده‌یان گه‌نجی کورد کوژراون، که لێره‌دا زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌م گه‌لی کورده له‌و به‌شه‌ی کوردستان، چونکه له‌و شه‌ڕه‌دا جگه زیان گه‌یاندن به ماڵ و حاڵی گه‌لی کورد هیچی دیکه نامێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر په‌که‌که بیه‌وێت به شه‌ڕ تورکیا لاواز بێت، تورکیا لاواز نابێت، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه کورد له‌و ناوچانه که هه‌موو ناوچه‌ی کوردنشینن و ماڵ و حاڵی خۆیان به‌جێهێشتووه و ڕوویان له ناوچه‌کانی دیکه کردووه، کورد لاواز بووه، ئه‌وه‌یش له به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتی تورکیا دایه.
گوتیشی: ئه‌و سه‌رکردایه‌تی ئێستا په‌که‌که به‌ڕێوه ده‌بات جێگه‌ی گومانه، ئه‌وان ئۆجه‌لانیان خسته زیندانه‌وه، که ئۆجه‌لان بۆ په‌که‌که زۆر شت بوو، هه‌روه‌ها ڕێگه‌یان نه‌دا من له شوێنی ئه‌و به‌رده‌وام به خه‌بات بوون بده‌م، منشیان له‌ناو ڕیزه‌کانی په‌که‌که دوورخسته‌وه. هه‌تا به منیان ڕاگه‌یاند ئه‌گه‌ر تۆ ڕیزه‌کانی په‌که‌که به‌جێ نه‌هێڵی، تۆ ده‌کوژین، بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌که گه‌وره‌تر نه‌بێت منیش ناچار بووم ڕیزه‌کانی په‌که‌که به‌جێ بهێڵم، په‌که‌که کوردستانی تورکیای تێکداوه، ئێدی زۆر زه‌حمه‌ته جارێکی دیکه کوردستانی تورکیا وه‌ک خۆیی لێ بێته‌وه و ئارام بێت، هه‌روه‌ها له باشووری کوردستان، په‌که‌که ده‌یه‌وێت ده‌ست بخاته ناو کاروباری هه‌رێمی کوردستان و ڕێگه له سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی کوردستان بگرێت، که ئێستا نایانه‌وێت هێزه‌کانی خۆیان له شنگال و که‌رکوک ببه‌نه ده‌ره‌وه، ئه‌وه‌یش بۆ ئه‌وه‌یه که کێشه و ئالۆزی دروستبکه‌ن و ئه‌و ناوچانه بکه‌نه کانتۆن، بۆیه من له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه له ماوه‌یه‌کی نزیکدا له‌و ناوچانه وهدهرنهنێن کێشه و ئالۆزی زۆر زیاتر دروست ده‌که‌ن.
ئۆجه‌لان، ئه‌وه‌شی گوت: پێویسته گه‌لی کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، به‌تایبه‌تی له تورکیا و ھه رێمی کوردستان خۆ وشیار بکاته‌وه، ڕێگه نه‌ده‌ن په‌که‌که چی دیکه زیان به ناوبانگی گه‌لی کورد بگه‌یه‌نن، پێویسته گه‌لی کورد چی دیکه خۆ بێ ده‌نگ نه‌کات، لایه‌نه سیاسییه‌کان خۆیان بکه‌نه یه‌ک و ڕێگه نه‌ده‌ن سه‌رکردایه‌تی په‌که‌که بۆ مه‌رامی خۆی و وڵاتانی ناوچه‌که، کوردستان تێک بده‌ن، په‌که‌که جگه له نه‌یارانی کورد گوێ به هیچ که‌س و لایه‌نێک نادات، هه‌روه‌ها پێویسته گه‌لی کورد له کوردستانی تورکیا دژی سیاسه‌ته چه‌وته‌کانی په‌که‌که بوه‌ستێت و ڕێگه نه‌ده‌ن بۆ مه‌ڕامی خۆی کوردستانی تورکیا تێک بده‌ن.
دیندار دۆسکی، ئه‌ندامی پێشووی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کگرتووی ئیسلامی له مباره یه وه وتی: ئێمه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان نه‌ده‌کرد په‌که‌که ئه‌وه‌نده کێشه بۆ هه‌رێمی کوردستان دروست بکات، چونکه ئێمه هه‌موومان یه‌ک نه‌ته‌وه‌یینه، ڕاسته ئه‌وان کێشه‌یان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی تورکیا هه‌یه و پێویسته خه‌باتی خۆیان له‌و به‌شه‌ی کوردستان بکه‌ن، به‌ڵام به مه‌رجێک له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان و گه‌لی کورد دا بێت، به‌ڵام نابێت ئه‌وان کارێک بکه‌ن که کاریگه‌ری خراپی هه‌بێت له‌سه‌ر گه‌لی کورد و هه‌رێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش نابێت ئه‌وان ببنه هۆکاری تێکدانی سه‌رچاوه‌ی دارایی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان، چونکه ئێمه له ناوچه‌یه‌ک ده‌ژین که پڕه له کێشه، بۆیه ئه‌وان هه‌ر کارێک بکه‌ن کاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت. هه‌ندێک شت له هه‌رێمی کوردستان هه‌ن، هێلی سوورن، نابێت لایه‌نه سیاسییه‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌ستی بۆ ببه‌ن. پێویسته په‌که‌که خۆ وشیار بکاته‌وه و نه‌بێته کارتێکی سیاسیی له ده‌ستی هه‌ندێک وڵاتی ناوچه‌که، چونکه وه‌ک ده‌زانین په‌که‌که زۆرجار باسی له‌وه کردووه که ئه‌وان دژی ئه‌وه‌ن کورد له هه‌رێمی کوردستان سه‌ربه‌خۆیی خۆ وه‌ربگرێت و ببێته ده‌وڵه‌ت، یان باسیان له‌وه کردووه دژی ئه‌وه‌ن گازی هه‌رێمی کوردستان بۆ تورکیا بچێت، بۆیه پێویسته به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کورد له‌به‌رچاو بگرن، په‌که‌که مافی ئه‌وه‌ی نییه دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بوه‌ستێته‌وه.
مسته‌فا شه‌فیق، چاودێری سیاسی، له مباره یه وه وتی: بۆ ماوه‌ی زیاتر له ۷ مانگه، ڕه‌وشێکی زۆر خراپ له کوردستانی تورکیا دروست بووه، ئه‌و شه‌ڕه نه‌ک ته‌نیا بۆ په‌که‌که و ئه‌و شارانه‌ی شه‌ڕ تێدایه خراپه، به‌ڵکو بۆ کێشه‌ی کورد زۆر خراپه و زیانێکی زۆری ده‌بێت، هه‌روه‌ها پێش هه‌موو که‌س و لایه‌نێک په‌که‌که زه‌ره‌ر ده‌کات، چونکه ئه‌و شارانه‌ی شه‌ڕ تێدایه ناوه‌ندی کوردایهتینه، هه‌تا لایه‌نگری په‌که‌که له‌و شارانه هه‌ن، بۆیه نازانم په‌که‌که به چ شێوه‌یه‌ک و به چ ڕووێکه‌وه بیری له شه‌ڕ کردووه‌ته‌وه، که له‌و شه‌ڕه‌دا جگه له سوود گه‌یاندن به دوژمنانی کورد، هیچ که‌س و لایه‌نێک سوودمه‌ند نابێت، هه‌رێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان له ڕه‌وشێکی زۆر تایبه‌تدا ده‌رباز ده‌بن، بۆیه پێویسته هه‌ر تاکێکی کورد، لایه‌نه سیاسییه‌کان هاوکار بن، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی کورد له‌و دوو به‌شه‌ی کوردستان به ئاواته‌کانی خۆی بگات و ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌ی به‌دی هاتوونه زیاتر به دی بێن، به‌تایبه‌تی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رکردایه‌تی کورد، که هه‌وڵی جددی ده‌ده‌ن گه‌لی کورد له‌و به‌شه ڕیفراندۆم بکات و سه‌ربه‌خۆیی خۆ وه‌ربگرێت، بۆیه پێویسته هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کان هاوکار بن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه زه‌مینه‌ی سه‌رکه‌وتن دروست بکه‌ن، نه‌ک هه‌ندێک هه‌نگاو بنێن که به زیانی هه‌موو لایه‌نه‌کان ته‌واو بێت، بێگومان ئه‌وه‌یش له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کورددا نییه و خزمه‌تی هه‌ندێک لایه‌ن ده‌کات، که به درێژای مێژوو هه‌وڵیان داوه زیان به ناوبانگی گه‌لی کورد بگه‌یه‌نن و ئه‌و گه‌له له‌ناو ببه‌ن.
س: سایتی هەلیر