ئاریـــان فــــهرهج
حکوومەتی هەرێم و هەژار و نەدار و هاووڵاتیانی کوردستان بە گشتی، لە چاوەڕوانی کرانەوەی دەروویەکی خێر و تێپەڕاندنی قەیرانی داراییدا، رۆژانە وێڵی هەواڵی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن، کە لەپاڵ ئاڵووێری بازرگانی و چالاکییە ئابوورییەکانی دیکەی سەرسنووردا، سەرچاوەی بژێوی و پاروەنانی خەڵک و توێشووی خۆڕاگریی میللەتەکەمانە لە شەڕی داعش و دوژمناندا. سەرچاوەی سەرەکیی دابینبوونی ئەو بژێوی و داهاتە میلییەش، دەروازەی ئیبراهیم خەلیلە.
پەکەکە وەک شمڵی شەڕ و لە دوژمن دڵرەقانەتر، سێرەی لەو دەروازەیە و لە قۆڕگی کوردستان و پاروەنانی خەڵکەکەی گرتووە و، لە دوایین هەڵوێستی دوژمنکارانەیدا هەڕەشەی داخستنی دەروازەکە دەکات.
ئەم هەڕەشە زاڵمانەیە دەبێ بەهەند وەربگیرێ، چونکە دوابەدوای زنجیرەیەک بەدکاریی دیکە دێت کە تەقاندنەوەی بۆرییە نەوتەکان و پەلکێشی شەڕ و جەیشی تورک بۆ سەرسنوور بەشێکیان بوو.
ئەمەی پەکەکە دەیکات، جگە لە دوژمنکاری و خزمەت بە مەرام و پیلانی دوژمنانی کورد و کوردستان، هیچ ناوێکی دیکەی لێ نانرێت. پەکەکە بە نانبڕینی خەڵکی باشوور، بە بێ چەندوچوون دەیسەلمێنێ کە نەک هەر دوژمنی حکوومەتی هەرێم و پرۆژە سەربەخۆییخوازەکەیەتی، بەڵکو یەک بە یەکی خەڵکی کوردستانی بە ئامانج گرتووە. ئاخر هەڕەشەی بڕینی پاروەنانی میللەت، لە حاڵێکدا کوردستان خۆی بە قەیران و ئابڵوقەی ئابووری و شەڕی برسیکردنێکی یەکجار سەختتدا تێدەپەڕێ، دەیسەلمێنی هەرچی پێیبڵێن خوێنی کوردبوون و هاوپشتیی نەتەوەیی و تەنانەت بەزەیی ئینسانییه، بەدەماری ئەم حزبە شەڕانگێزە و چەکدارە گوێلەمستەکانیدا ناگەڕێ و، لە دوژمن دوژمنانەتر دەڕواننە هەژار و منداڵ و نەخۆش و نەدارانی ئەم وڵاتە. دەیسەلمێنێ ئەم حزبە بەدکارە بە ئیبداعەوە و بەوپەڕی دڵرەقی، ویستی ناحەزانی کوردستان جێبەجێدەکات و بێ دەربەستە لەوەی باجی هەموو ئەو هەڕەشە و دوژمنکارییەی دەیکات، خەڵکی بارگرانی کوردستان دەیدەن .
پێوەرێک نەماوە، ئەم کردەوانەی پەکەکەی لە پەلاماری داعش و شەڕانگێزی میلیشیاکانی حەشد و دوژمنانی باوەکوشتەی کورد پێ جیابکرێتەوە.
س: ههولیر